روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌وه‌

0
152

سه‌باره‌ت به‌ هه‌واڵی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ فه‌یسه‌ڵ‌ ئیبراهیم، كادێری كۆمه‌ڵی ئیسلامی‌و سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ خزمه‌ت له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و ده‌ركرندی‌ ناوبراو له‌ ڕیزه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی‌، ئه‌نجومه‌نی‌ سیاسیی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی‌:

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان

‏ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌وه‌..

‏ماوه‌ی ساڵێكه‌ به‌ڕێز فه‌یسه‌ڵ ئیبراهیم عه‌زیز ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌سه‌ر لیستی‌ خزمه‌ت (كۆمه‌ڵ)، به‌كۆمه‌ڵێك هۆكاری تایبه‌ت به‌خۆی گه‌ڕابووه‌وه‌ به‌ریتانیا، به‌هۆی‌ دوورییشی له‌ كوردستان، نه‌یده‌توانی پابه‌ندی ده‌وامی رۆژانه‌ی ئه‌نجومه‌ن بێت.

‏چه‌ند جارێكیش ئاگادارمان كرده‌وه‌و ویستمان هاوكاری بین، پێمان وت: به‌پێی رێساكانی ئه‌نجومه‌ن، ده‌وام و مۆ‌ڵه‌تی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، لای سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزگایه‌، نه‌ك لای ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی.
‏دواتر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا چه‌ند جارێك له‌ پابه‌ندنه‌بوونی ناوبراو به‌ ده‌وامه‌وه‌و وه‌رنه‌گرتنی‌ مۆڵه‌ت له‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌ن، ئگاداری‌ كردین.

‏دواجار له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانه‌وه‌ پرسی ده‌وامنه‌كردنی ناوبراو باسكراوه‌، هه‌روه‌ك چه‌ند جارێك له‌ ڕاگه‌یه‌ندنه‌كانیشه‌وه‌ باسكراوه‌.

‏بۆیه‌ ئێمه‌ ناچار بووین به‌ نووسراوی ژماره‌ 154 ی ئه‌نجومه‌نی سیاسی، له‌ ڕۆژی 29 ی 10 ی 2017، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی سه‌رپشك بكه‌ین له‌هه‌ر ئیجرائاتێكی یاسایی به‌رانبه‌ری‌.

وێڕای ڕێزی زۆریشمان بۆ خه‌بات و تێكۆشانی ئه‌ندامانـمان، به‌تایبه‌ت كاك فه‌یسه‌ڵ ئیبراهیم، به‌ڵام ناتوانین پشتگیریی هیچ سه‌رپێچییه‌كیان بكه‌ین، كاتێك پابه‌ندی یاساو ڕێساكانی دامه‌زراوه‌كان نه‌بن.

‏هه‌روه‌ك ڕایده‌گه‌یه‌نین: كاك فه‌یسه‌ڵ‌ تا ئه‌م ساته‌ش له‌ ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵ ده‌رنه‌كراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌و هه‌واڵه‌ش كه‌ كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی‌ ده‌رباره‌ی‌ ئه‌م پرسه‌ بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ ده‌ڵێین: كه‌ناڵه‌كه‌ پشتی‌ به‌ نووسراوی په‌یجێكی ساخته‌ به‌ستووه‌ كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامیه‌وه‌ نییه‌.


ئه‌نجومه‌نی سیاسیی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان

5 ی‌ 11 ی‌ 2017

پەیامێک جێبهێڵە

تکایە لێدوان لێرە بنووسەر
تکایە ناوت داخڵ بکە